چه‌ند وانه‌یه‌كی ساڵه‌كانی جه‌نگ و ئاشتی له بۆسنه‌و هه‌رسك
“هێزه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان پیان وابوو ته‌نیا به بنیاتنانه‌وه‌ی خانوبه‌ره‌كان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ سه‌ر كاره‌كانیان هه‌موو شتێك باش ئه‌بێت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی گرنگ بوو بنیاتنانه‌وه‌ی نهفسیهتهكان و گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی نێوان پێكهاته‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا بوو داڕوخابوو به هۆی كێشمه‌كێشمه سیاسیه‌كانه‌و هه‌روه‌ها له‌سایه‌ی ڕاگه‌یاندنێكدا كه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ بانگه‌شه‌ی رق و جوداكاری بڵاوده‌كرده‌وه… هه‌موومان قوربانی بووین، به‌ڵام جه‌نگاوه‌ره منداڵه‌كان گه‌وره‌ترین دۆڕاو بوون”.
به‌م وتانه چالاكوانێكی بۆسنی تێڕوانینی خۆی سه‌باره‌ت به‌و جه‌نگه‌ی وه‌ك منداڵێك تیایدا به‌شدار بووه پێشكه‌ش كرد، كۆتایه‌كه‌شی هاوڵاتیه‌كی ئاستێكی مام ناوه‌ندی خوێندن و نه‌خۆشێكی بی سه‌رپه‌رشیار كه به‌دوای كارێكدا ده‌گه‌ڕێت پێداویستیه‌كانی خۆی و خێزانه‌كه‌ی پێ دابین بكات له‌نێو كۆڵێك له كێشه‌ی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی كه وڵاته‌كه پێوه‌ی ده‌ناڵێت پاش 24 ساڵ له شه‌ڕی نێوخۆ.
ڕێكخراوی (منداڵانی جه‌نگ بۆ به‌رگریكردن له‌ئاشتی) پاش دوو ده‌یه لهكۆتایهاتنی جه‌نگ له بۆسنه‌و هه‌رسك دهمهزریندرا، بۆ هۆشیاركردنه‌وه سه‌باره‌ت به مه‌ترسی به‌كارهێنانی منداڵان له جه‌نگدا و ئاگاداربوون له مافه كانیان، ڕێكخراوه‌كه پێكهاتووه له‌و كه‌سانه‌ی پێشتر و له كاتی منداڵیاندا له گه‌ڵ لایه‌نه جیا جیاكاندا له‌شه‌ڕدابوون له‌به‌رانبه‌ر یه‌كتریدا. منداڵه جه‌نگاوه‌ره‌كانی كاتی جه‌نگ به نۆ هه‌زار كه‌س مه‌زنده ده‌كرین كه ئێستا له هه‌لومه‌رجێكی ژیانی قورسدان پاش ئه‌وه‌ی هه‌لی ته‌واوكردنی خوێندن و به‌ده‌ستهێنانی توانایی پیشه‌یی كاركردنیان له‌ده‌ستداوه، هه‌ندێكیشیان توشی پێكانی جه‌سته‌یی بونه‌ته‌وه كه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ژیانیان داناوه بێ ئه‌وه‌ی هیچ پشتیوانیه‌ك بكرێن.
(روسمیر بیرالیك) و ( كمال سالاكا) كه لهمنداڵیاندا به‌شداری جه‌نگی بۆسنه‌یان كردووه، ئیستا بونه‌ته چالاكوانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه كه‌هه‌وڵی به‌دیهێنانی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌دات و ئه‌زمونی منداڵه جه‌نگاوه‌ره‌كان ده‌گوازێته‌وه بۆ دروستكردنی ئاشتی له‌پاش ئه‌وه‌ی پێشتر دژی یه‌كتر جه‌نگاون، وتیان:
– له كاتی جه‌نگدا ئێمه قوربانی بووین، ئیستاش هه‌ر قوربانین چونكه ژیانمان داڕوخاوه، 500 ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی
(منداڵانی جه‌نگاوه‌ر بۆ داكۆكیكردن له‌ئاشتی) گه‌وره‌بوون بێ ئه‌وه‌ی به‌هره‌مه‌ندبن له خوێندنێكی باش، ئێستاش چه‌ندین كێشه‌ی ته‌ندروستیان هه‌یه‌و زۆر قورسیشه كار په‌یدا بكه‌ن چونكه نه‌خۆش و لاواز كه‌م خوێندنن، ناتوانن بچنه زانكۆ، دواكه‌وتوون له هاوسه‌رگیری یان پێكیهنانی خانه‌واده، جه‌نگ ته‌واو بوو ئه‌وان هێشتا له قۆناغی هه‌رزه‌كاریدا بوون و ده‌بوا كۆشش و كار بكه‌ن بۆ ژیاندنی خێزانه‌كانیان….. ژیانیان تیاچوو ئه‌مرۆش ده‌یانه‌وێت خه‌ڵكانی دی هوشیار بكه‌نه‌وه بۆ دووباره نه‌بونه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه.
– ئه‌و كات ئێمه منداڵ بووین نه‌مانده‌زانی ئه‌مه مانای چیه… له جه‌نگدا به‌كاریان ده‌هێناین له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیاندا…. توشی سه‌رسوڕمان هاتین كاتێك بینیمان” دوژمنه گریمانیهكانمان” كه به‌رانبه‌رمان ده‌جه‌نگان پێشتر، زۆرێكیان هه‌ڵگری به‌های ئینسانی زۆر به‌رز بوون به‌ڵام له‌ژیر زه‌ختی سیاسیه‌كان و ئه‌جینداو پڕوپاگندهكانیاندا بوون …. بۆمان ده‌ركه‌وت صربیهكان و كرواتیه‌كان كه لهبهرانبهرماندا ده‌جه‌نگان دوژمن و خیانه‌تكار نه‌بوون … ئیمه هه‌موومان ههڵخهڵتیندرابووین.
– پێش جه‌نگ سیسته‌مه‌كان پێویستیان به پڕوپاگه‌نده هه‌یه به‌ڵام دوای دروست بوونی جه‌نگ پێویستیان به پڕوپاگه‌نده نییه، هیچ پێداویستیه‌كیان به‌مه نییه پاش ئه‌وه‌ی كۆشتار ده‌كه‌وێته نێو كه‌سانی مه‌ده‌نیه‌وه.
– پێش جه‌نگ ده‌یان وت : ئه‌ته‌وێت وه‌ك مه‌ده‌نیه‌ك له ماڵه‌كه‌تدا بمریت یان ده‌ته‌وێت وه‌ك قاره‌مانێك له‌به‌رانبه‌ر دوژمن بۆ به‌رگریكردن لهمیلهتهكهت گیان له‌ده‌ست بده‌یت….. ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه پاڵی به هه‌زاران منداڵهوهنا بچنه میدانهكانی جه‌نگه‌وه.
– كۆمه‌ڵه‌كه یه‌كێك له به‌رنامه‌كانی ڕێكخستنی گه‌شتێك بوو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی پێشتر منداڵی جه‌نگاوه‌ر بوون، زۆرێكیان بۆیان ده‌ركه‌وت كه له هه‌مان به‌ره‌دا به‌رانبه‌ر یه‌كتر شه‌ڕیان كردووه تۆشی سه‌رسوڕمانیش هاتن كه ده‌توانن پێكه‌وه به ئاشتی پێكه‌وه هه‌ڵبكه‌ن و ژیان بكه‌ن، بۆمان ده‌ركه‌وت ئێمه هه‌موومان به پڕوپاگه‌نده گه‌مارۆ درابووین و قوربانی جه‌نگێكی خراپ بووین كه خزمه‌تی به هیچ كه‌س نه‌كرد.
– كه گه‌وره بوین بۆمان ده‌ركه‌وت حیزبه سیاسیه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیاندایه كێشمه كێشمی نهتهوهكانم بمێنێته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌شه كه پێویسته ڕوبه‌ڕوی ببینه‌وه، چونكه دواجار ئه‌وه خه‌ڵكه كه زه‌ره‌ر ده‌كات.
– هیزه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان پیان وابوو به‌دروستكردنی خانوبه‌ره‌و گه‌رانه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆسه‌ر كار‌و دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان هه‌موو شتێك باش ده‌بێت، به‌ڵام گرنگیش بوو نه‌فسیه‌تی خه‌ڵكیش بنیات بنرێته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌شه كه پێویسته ئه‌نجام بدرێت بۆ ده‌رباز بوون له ده‌رئه‌نجامه‌كانی جه‌نگ و بنیات نانه‌وه‌ی متمانه له نێو خه‌ڵكدا.
– ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن له سه‌رده‌می جه‌نگدا به‌شێك بوون له‌و پڕوپاگه‌نده جه‌نگیه ئێمه‌ش له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌واندا بوین، ڕۆڵیان هه‌بوو لهبهردهوامبوونمان له جه‌نگ… ئیمه ناچار بوین وابكه‌ین.. بڕوامان وابوو ئێمه خۆمان به‌خشیوه بۆ به‌رگریكردن له‌ژیانمان و ژیانی خێزانه‌كانمان به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ تهجنیدكردنێكی ئیجباری هه‌بێت، به‌ڵام پاش جه‌نگ حكومه‌ت هیچ یارمه‌تیه‌كی پێشكه‌ش نه‌كردین بۆ دووباره تێكه‌ڵ بونه‌وه‌مان به كۆمه‌ڵگا.
– پێویسته ڕۆژنامه‌نوسان له‌سه‌ر منداڵانی جه‌نگاوه‌ر بنوسن و داوا له حكومه‌ت بكه‌ن یاسای تایبه‌ت به‌قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانیان له‌جه‌نگدا ده‌ربكات، وهبهوهڕیان پێ بهێنن كه پێویسته ژیان ئاسایی و شایسته‌ی خۆیان بژین … هه‌روه‌ها پێویسته پێداویستیه‌كانی گه‌نجان و واقعی ژیانیان بناسێنن و هۆشیاریان بكه‌نه‌وه.. رۆژنامه‌نوسان ئه‌ركیانه ئاماژهمهترسیدارهكانی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگێك كه ڕوده‌دات له ئاینده‌دا ئاشكرا بكه‌ن و كه مه‌ترسیه بۆ هه‌مووان.
* ئه‌م بابه‌ته ده‌رئه‌نجامی خولێكی ڕاهێنانه كه ڕێكخراوی پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی ( IMS ) به هاوكاری یه‌كێتی رۆژنامه‌نوسانی بۆسهنهو هه‌رسك له پایته‌ختی سهرایفۆ ئه‌نجامدرا بۆ كۆمه‌ڵێك ڕۆژنامه‌نوسی سوری وعێراقی له‌نێویشیاندا رۆژنامه‌نوسانی تۆڕی ( نیریج) ی بۆ كاری بنكوڵكاری، كه تیایدا جه‌خت له وانه‌كانی جه‌نگی نێوخۆی بوسنی قۆناغه‌كانی دواتری پاش جه‌نگ و ڕۆڵی ڕاگه‌یاندن له كاتی جه‌نگ و بنیاتنانی ئاشتیدا.
* له جه‌نگی نێوخۆی بوسنهدا ( 1992- 1995) زیاتر له 100 هه‌زار كه‌س كوژرا، زیاتر له 30 هه‌زار قوربانی توندوتیژی سێكسی لێكهوتهوه، زیاتر له 700 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ دۆزرانه‌وه كه 30 هه‌زار قوربانیان تیادایه .
* ڕۆژنامه‌نوس و توێژه‌ری سیاسی