چه‌ند وانه‌یه‌ك له ساڵانی جه‌نگ و ئاشتی بۆسنه‌و هه‌رسك
پاش 22 ساڵ ده‌وڵه‌تێكی ڕاسته‌قینه دروستنه‌كراوه، ماندوبوین له كۆشش بۆ دروستكردنی دوڵه‌تێكی مه‌ده‌نی له نێو تۆڕێكی به‌رفراوانی گه‌نده‌ڵی و به‌رژه‌وه‌ندیخواز، به‌ڵام هیچ چاره‌یه‌كی ترمان نییه جگه له هه‌وڵدانی دووباره.
سودین میوزك( sudbin music) كهنوسهرو چالاكوانێكی مه‌ده‌نی بوسنیه ده‌ڵێت، دهنزانم به به‌رگریكردنم له‌مافه‌كانی قوربانیانی شه‌ری ناوخۆی بۆسنه‌و ئاشكراكردنی سه‌ركرده‌كانیان، هاوپه‌یمانی حزبهناسیۆنالیستیهكان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا له ده‌سه‌ڵاتدا ده‌مێننه‌وه سه‌ڕه‌ڕای شكستی به‌رده‌وامیان.. به‌به‌هێزی ده‌مێننه‌وه له‌ڕێگای ورژاندنی بیره نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان له‌نێو خه‌ڵكدا، ئه‌وان یه‌كیانگرتوه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان، به‌مه‌ش له دایكبوونی ئه‌و حزبانه دواده‌خه‌ن كه تێڕوانێنی دوور له ده‌رمارگیری نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه.
میوزك كه لهگهرمهو كێشه‌كانی شه‌ڕی بوسنهدا ژیاوه‌و ترسناكترین ساته‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌ی به‌چاوی خۆی دیوه، خێزانه‌كه‌شی یه‌كێك بوون له قوربانیه‌كان، توانیویه‌تی چه‌ندین چیرۆك و ویستگه‌ی شه‌ڕ دۆكیمهنت بكات، له‌سه‌ر ڕه‌گ و ڕیشه‌ی كیشه‌كان نوسیویه‌تی، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت نامتمانایی ئێستا و دابهشبونهكانی كۆمهڵگاو كێشمه‌كێشمه سیاسیه‌كان و ئایندهی هه‌ڕه‌شه لێكراو به چه‌ندین شه‌ڕو جه‌نگی تر به‌هۆی ئه‌و دابه‌شبونه نێو خۆیی و نێودهوڵتیانه و نه‌بوونی ڕێگای چاره‌ی گونجاو ڕاسته‌قینه.
میوزك كۆمه‌ڵێك ئه‌زمون ده‌گێڕێته‌وه له شه‌ڕی بوسنی ( 1993- 1995) كه تیایدا نزیك 100هه‌زار قوربانی لێكهوتهوه، ئه‌مه جگه له پاشماوه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه له پێناو دابینكردنی ئاشتی و پیكهوهلكانهوهی كۆمه‌ڵگایه‌كی لێكترازاو، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م ئه‌زمونانه ده‌كرێت بۆ هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه به سوود بێت كه ڕوبه‌ڕوی شه‌ڕی ناخۆ بونه‌ته‌وه، ئه‌و وتی :
– له قوتابخانه‌ی دوا ناوه‌ندی بووم كاتێك یوغسلافیا هه‌ڵده‌وه‌شایه‌وه… دوای ئه‌وه به چه‌ند ساڵێكی كه‌م ئامژه ترسناكه‌كان ده‌ركه‌وتن و شه‌ڕ ده‌ستپێكرد.. من هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌م له‌ده‌ستدا جگه له براكه‌م… زۆر به‌خێرایی كوژران له‌نێو چه‌ند كردهیهكهی غافلگیرانهدا كه پشت به‌ستوو بوو به درۆ‌و پڕوپاگه‌نده‌و گومڕاكردنی كێشمه‌كێشمی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌دا كه دركیان پێنه‌كردبوو.
– باوكم موسڵمانێك بوو كه تیتۆی خۆشده‌ویست، به‌ڵام هیچ كات كۆمۆنیست نه‌بوو، ئێمه خێزانێكی موسڵمان بوین كه ڕێنوینیهكانی سیته‌می سۆسیالیستی جێبه‌جێده‌كرد، سیسته‌مێك كه به‌سه‌ر هه‌مواندا سه‌پابوو و ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌ش بوو به‌سه‌ر قوتابیان و كۆمه‌ڵگادا له مێشكماندا جێگیر ده‌كرا.
– نه‌خشه‌ی دابه‌شبوونی گه‌لان له بۆسنه‌و هه‌رسك ئاڵۆزه، موسڵمانه‌كان به‌گشتی له كه‌ناره‌كان دابه‌شبوون، چوارده‌ور دراوون به ناوچه‌كانی صربیهكان كه له‌ڕوبه‌ری فراوانتردا نیشته‌جێبوون، ئه‌مه جگه له كرواتهكان كه له ناوچه‌ی جیاجیدا نیشته‌جێ بوون … هیچ ناوچه‌یه‌كیش نییه كه تایبه‌ت بێت به كه‌مایه‌تیه‌ك، زۆرینه‌ی ناوچه‌كان پێكهاته‌كان تێكه‌ڵ بوون، كۆمۆنیسته‌كان هه‌ستان به سه‌پاندنی تێڕوانینی خۆیان له دورخستنه‌وه‌ی خه‌ڵك له ئینتماكانیان و نیشاندانیان وه‌ك یه‌ك نه‌ته‌وه.
– له‌ناوچه‌یه‌ك له دایك بووم و ژیام كه صربهكان پیان وایه خاكی مێژویی خۆیانه، شاره‌كه‌م كه له %40 دانیشتوانه‌كه‌ی مسوڵمان بوون، بووش به نمونه‌یه‌ك له كارهستی جه‌نگ ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌وه كه ڕوبه‌ڕوی كوشتنی به كۆمه‌ڵ و ڕاگواستن بوونه‌وه له‌كاتی به‌رزبونه‌وه‌ی تای توندڕه‌وی نه‌ته‌وه‌یی و درۆ‌و پڕوپاگه‌نده… تا ئه‌مڕۆش ئه‌و شاره نمونه‌یه‌كه له‌وه‌ی جه‌نگ ئێستا‌و ئایندهی كۆمه‌ڵگاكان ته‌فروتونا ده‌كات، ژیان تیایدا مردووه، دوای زیاتر له 23 ساڵ له ته‌واو بوونی جه‌نگ زۆرینه‌ی موسڵمانان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆی.
– له پۆلی شه‌شه‌می دواناوه‌ندی بووم كاتێك صربهكان سه‌ربه‌خۆیی بۆسنه‌یان ڕه‌تكرده‌وه، به‌زۆر ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، چه‌ند ڕۆژێك خوێندن وه‌ستێنرا، پاشان صربیهكان بڕیاریاندا بگه‌رێنه‌وه بۆ خوێندن و ساڵی خوێندنیان كه‌مكرده‌وه، ئێمه‌ش گه‌ڕاینه‌وه‌و تینهدهگهیشتین چییه مه‌سه‌له، هه‌ندێك له مامۆستاكانمان به جلی سه‌ربازیه‌وه ده‌وامیان ده‌كرد…له‌كۆتایی به‌شێكی ئه‌و ساڵه‌دا مامۆستاكه‌مان كتێبه‌كه‌ی داخست وتی:” ئه‌م ساڵی خوێندن كۆتایی هات ساڵی ئاینده یه‌ك ده‌بینینه‌وه ئه‌گه‌ر زیندو ماینه‌وه” تێنه‌ده‌گه‌یشتم مه‌به‌ستی چیه.. پاشان پڕۆسه‌كانی كوشتن ده‌ستپێكرد، خوین ڕشتن لهههمووشوێنێك ده‌بینرا.
– له ساڵانی جه‌نگدا كارگه‌كانی ده‌وڵه‌ت وه‌ك كارگه‌ی ئاسن بوون به سه‌ربازگه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دان.. ئه‌مرۆ كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت خاوه‌ندارێتی ده‌كات… ئه‌و كارگانه هه‌زاران كه‌سی تیا كوژراون…ئێستا پێویسته مۆڵه‌ت وه‌ربگرین بۆ سه‌ردانیكردنی ئه‌و كارگه‌یه بۆ بیركه‌وتنه‌وه‌ی یادوهوریهكانمان.
– ئه‌وان له‌و كارگانه‌دا كارده‌كه‌ن و پاڵپشتی دارایی ده‌كرێن له لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌ن و حزبه‌وه.. كارده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ ڕوی نه‌دابێت… له هه‌ر مه‌ترێك له‌و شوێنه یان له ژێر ئه‌شكه‌نجه یان به‌هۆی برسێتی كه‌سێك مردووه… مه‌عقوله یادهوریهكانمان بكرێته كۆمپانیا‌و خهصصه بكرێت؟.
– چه‌ندین ساڵ كوشت و بڕینمان چه‌شت دوای ئه‌وه‌ش چه‌ندین پڕۆسه‌ی ڕاگواستن، تا بتوانرێت پێكاهاته‌ی وڵاته تازه‌كان دروستبكرێت… هه‌ر لایه‌نه‌وه خه‌ریكی ڕه‌گه‌زپه‌رستی به‌رانبه‌ر پێكهاته‌كه‌ی تر‌و ده‌ركردنیان بوون و باسیشیان له گه‌شه‌و خۆشگوزه‌رانی ئاینده ده‌كرد… له كۆتایدا چیان ئه‌نجامدا؟.. گه‌لان چیان چنیه‌وه؟… هیچ .
– دابه‌شبوون واته كێشه‌و گرفتی زیاتر، واته ده‌ركه‌وتنی چه‌ند كیانێكی له ده‌وڵه‌ت چوو، چه‌ند كیانێك كه كێشه‌و گرفتی زۆره… واته ڕاگواستنی هه‌زاره‌ها له شاره‌كانیان دابڕانیان له ڕابردویان و بیره‌وه‌ریه‌كانیان و خێزانه‌كانیان… له كۆتایشدا بۆت ده‌رده‌كه‌وێت تۆ پێش نهكهوتویت به‌ڵكو پێكه‌وه ژیان و ئاینده‌ت له ناوبرد له‌و ناوچانه‌ی تێكهڵاوبونێكی زۆری دینی و قه‌ومی و مه‌زهه‌بی هه‌یه، كه‌س ئه‌ویدی قبوڵناكات و دابه‌ش بوون به‌رده‌وامه و جیكاریش به‌رده‌وامه ته‌نانه‌ت به پێی ده‌ستوریش… دابه‌شبوون به‌رده‌وامه له هه‌موو شوێنێك.
– دوای جه‌نگ بڕیارمدا بگه‌ڕێمه‌وه بۆ شاره‌كه‌ی خۆم، به‌ڵام زۆرینه نه‌هاتنه‌وه.. ویستم تیایدا بژیم سه‌ره‌ڕای د‌رك كردنم به‌وه‌ی خێزانه‌كه‌م كوژراون ته‌نیا به‌هۆی ئه‌وه‌ی لێره‌دا ژیاون له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ندێك توندڕه‌و، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی حكومه‌ته‌كان چاره‌سه‌رییان پێ نه‌بوو به‌ڵكو ڕێگری ده‌كه‌ن له ژیان كردنمان وپێكهوهژیانمان… توندڕهوهقومیهكان سه‌رده‌كه‌ون، له هه‌موو شوێنێك سه‌رده‌كه‌ون، ئه‌وان ته‌نیا دژی موسڵمانه‌كان نین به‌ڵكو دژی هه‌موو ئه‌وانه‌ن كه له خۆیان نیه.
– قه‌ومیه‌كان له یوغسلافیاشدا بونیان هه‌بوو، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت به هێز بوو ڕیگای سه‌ركه‌وتنی نه‌ئه‌دان.. كاتێك ده‌وڵه‌ت بێهێز بوو هه‌ندێك له سیاسیه توندڕه‌وه‌كان هه‌له‌كه‌یان قۆسته‌وه‌و ” تیڕوانینی قه‌ومیان”هینایه ئاراوه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان، چه‌ندین تاوان كه دواتر بوو به كۆمهڵكوژهیكان له ژێر ناوی به‌رگریكردن له مافی نه‌ته‌وه‌یی ڕویاندا… ئه‌مه‌ش له هه‌موو شوێنه‌كان ڕویدا… ئه‌وان تێناگه‌ن له ده‌وڵه‌تی ڕاسته‌قینه، نازانن ماناكه‌ی چیه بۆچی گرنگه، ده‌وڵه‌ت ته‌نیا كیانێك نییه ته‌نیا له‌ڕوی نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه نوێنه‌رایه‌تیت بكات، ده‌وڵه‌ت زۆر له‌وه بهرفراوانترو قوڵتره.
– موسڵمانه‌كان له صربیا نه‌ماون، به‌ته‌واوه‌تی ڕاگوازران… دوای جه‌نگ به چه‌ند ساڵێك گوترا كه له %20 له خه‌ڵكی گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام من ئێستا گومانم هه‌یه كه له %10 خه‌ڵك گه‌ڕابێته‌وه.. پێكه‌وه ژیان كۆتایی پێهات و هه‌مووان زهرهرمهندببون و كه‌شێكی پڕ نائومیدی باڵی كێشاوه و هیچ ئومێدێك به ئاینده‌یه‌كی باشتر نه‌ماوه.
– قوتابخانه‌كه‌م كه ئه‌و كات 80 خوێندكاری هه‌بوو له پۆلی یه‌كدا ئێستا ته‌نیا یه‌ك قوتابی تیادایه له هه‌مان پۆلدا.. پاش چه‌ند ساڵیك قوتابخانه‌كه‌ش داده‌خرێت… شاره‌كه نیمچه چۆڵه… چه‌نده‌ها گه‌ڕه‌ك بێ دانیشتوانه… كۆچیان لێیكرد چونكه دوای جه‌نگ ڕوبه‌ڕوی ڕه‌گه‌زپه‌رستی بێكاری بوونه‌وه.. دژایه‌تی ده‌كران….له كۆتایشدا موسڵمانه‌كان له صڕبیا بونیا نه‌ما.
– كۆمه‌ڵگای صڕبی كۆمهڵگیهكی توندڕه‌وی قه‌ومیه، ئێستا زیاتر له جاران، ئه‌و نه‌فه‌سه قه‌ومیه توندڕه‌وه له هه‌موو شوێنێك ده‌بینیت، ئاڵا صڕب له جه‌ژن و ئاهه‌نگ و پاڵاوانیه‌تیه وه‌رزشیه‌كاندا ده‌بینیت، ئه‌وان پیان وایه صڕبیا باشترینه له هه‌موو جیهاندا، ده‌ڵین ئاماده‌ن به‌جه‌نگن له پێناویدا، پێشیان وایه ئه‌وانی دی هه‌موو تیرۆریست و پیاوكوژن و ده‌بێت ده‌ربكرێن، ده‌ڵێن ئه‌وانی دی هۆكاری كێشه‌كان و شكسته ئیداری و ئابوریهكانن بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌و راستیه ئاشكرایه بكه‌نه‌وه كه له‌به‌ر چاویانه… گه‌نجه‌كانی ئێستایان زۆر دهمارگیرترن له‌وانه‌ی ڕابردو، ئه‌و ڕوحیه‌ته قومیهته ماڵویرانكهره ئێستا له هه‌ڵكشانی زیاتردایه…. ڕاسته هه‌ندێك هه‌وڵی فه‌ردی هه‌یه بۆ گۆرینی ئه‌و واقعیه‌ته به‌ڵام ئه‌مانه ته‌نیا چه‌ند هه‌وڵیكی ساده‌ن كه ناتوانێت بوه‌ستێته‌وه له به‌رانبه‌ر ئه‌و شه‌پۆله.
– قه‌ومیه‌كان له هه‌ڵكشاندان، هه‌ڵكشان له ڕێگای حه‌ماسیه‌ت و وتاردان دژی ئه‌وانی دی و هه‌لسپاردنی كێشه‌كانیش به ملی ئه‌وانی دی… هه‌ربۆیه ئه‌مرۆ ئه‌م توندڕه دوژمنكارانه له په‌رله‌مان و حكومه‌تیشدا به‌رده‌وامن له بڵاوكردنه‌وه‌ی ژه‌هری خۆیان.
– كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی نائومیدی كردین و به‌شداربوون له‌و نه‌هامه‌تیه توشمان بوو… به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی بووه هۆی نه‌گه‌یشتن به چاره‌سه‌ر…ئه‌گه‌ر ئه‌مه چاره‌نوسی ئێمه بێت له بۆسنه‌و هه‌رسك كه له دڵی ئهورپاداین، ئاخۆ چاره‌نوسی ئێوه چۆن ده‌بێت له ( سوریا‌و عێراق)؟
– حزبه قه‌ومیه‌كان كه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هاوپه‌یمانیان به‌ستوه، ده‌مێننه‌وه له ده‌سه‌ڵاتدا سه‌ڕه‌ڕای شكسته‌كانیان.. به به‌هێزی ده‌مێننه‌وه له ڕێگای نانه‌وه‌ی ئاژاوه له نێو خه‌ڵكدا… ئه‌مانه یه‌كیان گرتوه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیاندا، به‌مه‌ش له دایكبونی ئه‌و حزبانه‌ی بیڕوڕای نویان پیه دوور له توندڕه‌وی دوا ده‌خه‌ن.
– ئه‌و هاوپه‌یمانیه به‌هێزه‌ی قه‌ومیه‌كان دروستیان كردوه ده‌بێته ڕێگر له لێپرسینه‌وه‌ی سه‌رۆكی حزبه‌كان كه ئێستا له نێوحزبه قه‌ومیه به‌هێزه‌كاندا كار ده‌كه‌ن.
– به هۆی شكست له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، ئازادیه‌كان له پاشه‌كشه‌دایه، ڕۆژنامه‌گه‌ری له پاشه‌كشه‌و له‌ناوچوندایه…بابه‌تی بوون سه‌ربه‌خۆبوون نه‌ماوه، ئه‌توانم بڵێم ده‌زگای سه‌ربه‌خۆی ڕاگه‌یاندن نییه… ڕۆژنامه‌نوسان به موچه‌یه‌كی كه‌م كڕدراون، ئه‌مه واقعیه‌ته، چه‌ند نوسه‌رێكی كه‌می ئازا ماون كه ڕاستیه‌كان ده‌ڵێن به‌ڵام زۆرینه‌یان به پێچه‌وانه‌وه.
– ڕێكه‌وتنامه‌ی دایتۆنی ئاشتی (1995) به‌س نییه و باش نییه بۆ بنیادنانی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست…پێم وایه ئه‌مه ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كی ئاشتیانه‌یه بۆ ماوه‌یه‌كی كورت، تیایدا بنه‌ماكانی ئاشتیه‌كی درێژخایه‌ن دانه‌نراوه، ڕێكه‌وتنامه‌كه توانی جه‌نگ بهوهستێنێت به‌ڵام ڕێگا چاره‌ی بنیاتنانی ئاشتی به‌رده‌وامی دروست نه‌كرد.
– ده‌ستوری ئێستامان شه‌رعیه‌ت به جیاكاری ده‌دات و قایمتری ده‌كات، هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ ئاڵوگۆر له ده‌ستوردا شكستی هێنا، به‌هۆی جیاوازیه حزبه‌كان و نه‌بونی فشارێكی نێوده‌وڵه‌تی به‌هێز… ئێمه هاوڵاتی هه‌موو مافه‌كانمان نه‌سلمێنراوه.. من له صربیا ده‌ژیم( كیانێكه له نێو ده‌وڵه‌تی بوسنهدا) وه‌ك هاوڵاتیه‌كی موسڵمان بۆم نیه ده‌نگ بده‌م به هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك، له به‌رانبه‌ردا له هه‌رێمی فیدراڵی بۆسنه‌دا هاوڵاتیه‌كی بۆی نییه ده‌نگ بدات به هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك.
– جیكاری بونی هه‌یه، ئه‌وه هاوڵاتی صربیه ئه‌وه هاوڵاتی بوسنی و كراوتیه ئه‌ویتر جوله‌كه‌یه ئه‌ویتر قه‌ره‌جه به‌م شێوه‌یه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی‌دا، ئه‌مه شتێكه له ده‌ستوردا جێگیر كراوه‌و حزبه‌كان دایان ناوه چونكه به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان وا ده‌خوازێت، ئه‌گه‌ر دژی به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان و بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی ڕاسته‌قینه و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیش بێت.
– پاش 22 ساڵ نه‌توانراوه بنیاتی ده‌وڵه‌تێكی ڕاسته‌قینه بكرێت.. له‌وه‌دا شكستمان هێنا… وایده‌بینم كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵتی یان زیاتر له لایه‌نێك ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی ئێستاش بكه‌ن به كیاناتی بچوكتر و بێهێزتر… چه‌ندین جار نیگه‌رانی خۆمم له مه‌رامی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ربڕیوه به‌رانبه‌ر بۆسنه‌و هه‌رسك… ره‌نگه سه‌باره‌ت به هه‌ندێك ناوچه‌ی تریش ئه‌م نیگه‌رانیه‌م هه‌بوو بێت، به‌داخه‌وه سه‌ده‌ی 21 سه‌ده‌ی خوێنڕشتن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه.
– بۆ بنیاتنان یه‌كه‌م شت پێویستمان به خودی ئینسان خۆیه‌تی، به‌داخه‌وه له‌م كاته قورسانه زۆر كه‌من ئینسانه شه‌ریفه‌كان.
– ئێمه هیلاك بوین له تێكۆشان له‌پێناو ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی و دیموكراتی، دهوڵتێكی پێكه‌وه ژیانی و هاوڵاتی بوون، هیلاك بوین و ناكامیهكان ده‌وریان داوین و ڕێگڕیهكان زۆرن و كه‌سانێكی زۆریش دژی ئه‌م خه‌ونه‌ن… به‌ڵام هیچ ڕێگایه‌كی ترمان لهبهردهمدانیه جگه له هه‌وڵدانی دوباره بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ونه.
* ئه‌م بابه‌ته ده‌رئه‌نجامی خولێكی ڕاهێنانه كه ڕێكخراوی پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی ( IMS ) به هاوكاری یه‌كێتی رۆژنامه‌نوسانی بۆسهنهو هه‌رسك له پایته‌ختی سهرایفۆ ئه‌نجامدرا بۆ كۆمه‌ڵێك ڕۆژنامه‌نوسی سوری وعێراقی له‌نێویشیاندا رۆژنامه‌نوسانی تۆڕی ( نیریج) ی بۆ كاری بنكوڵكاری، كه تیایدا جه‌خت له وانه‌كانی جه‌نگی نێوخۆی بوسنی قۆناغه‌كانی دواتری پاش جه‌نگ و ڕۆڵی ڕاگه‌یاندن له كاتی جه‌نگ و بنیاتنانی ئاشتیدا.
* له جه‌نگی نێوخۆی بوسنهدا ( 1992- 1995) زیاتر له 100 هه‌زار كه‌س كوژرا، زیاتر له 30 هه‌زار قوربانی توندوتیژی سێكسی لێكهوتهوه، زیاتر له 700 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ دۆزرانه‌وه كه 30 هه‌زار قوربانیان تیادایه .
* ڕۆژنامه‌نوس و توێژه‌ری سیاسی