گۆرێك به‌پێوه‌رى ( VIB ) به‌رامبه‌ر به‌پاكه‌تێك جگه‌ره‌و كیلۆیه‌ك برنج

دواى 4 مانگ له‌رزگاركردنى شارى موسڵ ” دایكى عه‌مار” ده‌گه‌رێته‌وه‌ نێو خانووه‌كه‌ى كه‌پڕاوپڕه‌ له‌یاده‌وه‌رى تاڵى رۆژانى جه‌نگ .. ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌سه‌دان ئه‌و هاوڵاتییه‌ موسڵییانه‌ى به‌هۆى جه‌نگه‌وه‌ زۆرێك له‌كه‌سوكارو كه‌سانى نزیكى خۆیان له‌ده‌ستداوه‌و ته‌رمه‌كانیشیان یان له‌نێو ماڵه‌كان، یاخوود له‌خوێندنگاو مزگه‌وته‌كانى شاره‌كه‌دا ناشتووه‌.. دایكى عه‌مار، وه‌كو خۆى باسى لێوه‌ ده‌كات” كوڕى دراوسێیه‌كه‌م به‌فیشه‌كى قه‌ناس له‌ده‌ستى داعش گیانى سپارد ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى فیشه‌كه‌ سه‌رى پێكا “، هه‌روه‌ها ده‌شلێت” صاڵح ته‌مه‌نى ته‌نها 16 ساڵ بوو،  دواى پێكانیشى هیچ رێگایه‌كمان له‌پێشدا نه‌بوو بۆ رزگار كردنى ،چونكه‌ كه‌س نه‌یده‌توانى له‌ماڵه‌كه‌ى بچێته‌ ده‌ره‌وه‌..ئیدى دواى ماوه‌یه‌ك له‌نێو ده‌سته‌كانمدا گیانى سپارد، ناچار له‌ژوورى نوستنه‌كه‌م ناشتم “.. ماڵه‌كه‌ى دایكى عه‌مار كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ى ” باب الجدید” وه‌ هیچ سیمایه‌كى ژیانى تێدانییه‌، به‌ڵكو زیاتر له‌ قه‌برستانێكى بچووكى به‌كۆمه‌ڵ ده‌چێت كه‌جگه‌ له‌گۆرى صاڵحى دراوسێى ته‌رمى كوره‌كه‌ى خۆشى تێدا نێژراوه‌.. ئه‌و دواى گه‌رانه‌وه‌ى بۆ خانووه‌كه‌ى زۆر به‌هێمنى وبه‌چاوێكى پڕ له‌فرمێسكه‌وه‌ گڵى سه‌ر گۆرى كوره‌كه‌ى راماڵى و وتى ” لێره‌ش خوشه‌ویسته‌كه‌ى دڵم نێژراوه‌”.
جه‌نگ وماڵوێرانى  له‌به‌شى لاى راستى موسڵ، له‌ماوه‌ى 5 مانگى جه‌نگى به‌رده‌وامدا زۆرترین ئاسه‌وارى وێرانكاریان له‌و به‌شه‌ى شاره‌كه‌دا به‌جێهێشتووه‌.. به‌پێ راپۆرتێكى رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش زیاتر له‌1250 هاوڵاتى مه‌ده‌نى گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و هه‌موو ئه‌و وێرانكارییانه‌ش له‌رێگاى مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانه‌وه‌ تۆماركراون، هاوكات 8500 خانووش له‌ناوچه‌ى كۆنى موسڵ به‌هۆى جه‌نگ وپێكدادانه‌وه‌ رووخاون .
چیرۆكى دایكى عه‌مار چیرۆكێكى ئاسایى رۆژانى جه‌نگ نییه‌، به‌ڵكو بریتییه‌ له‌درامایه‌كى خه‌مگینى بێ كۆتایی.. ئه‌و  توزێك دوورتر له‌ماڵه‌كه‌ى خۆشى ئاماژه‌ى بۆ تۆپه‌لێك خۆل وگڵى تر كردو وتى” ئێره‌ش گۆرى كچه‌كه‌م وهاوسه‌ره‌كه‌یه‌تى.. دراوسێكان له‌یه‌ك قه‌بردا ناشتنیان له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سى تریش له‌دانیشتووانى گه‌ره‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى هیچ ده‌رفه‌تێكى ژیانیان له‌به‌رده‌ستدا نه‌مابوو به‌هۆى چڕى بووردومان و تۆپ وگولله‌ى هاوه‌نه‌كانه‌وه‌.. ئه‌وان رۆشتن وله‌پاش خۆشیان 6 منداڵیان بۆ به‌جێهێشتین”.
 قه‌برێك به‌پێوه‌رى  VIB
4 مانگ به‌سه‌ر رزگاركردنى شارى موسڵ تێپه‌رێوه‌، به‌ڵام هێشتا یاده‌وه‌رییه‌كانى دانیشتووانى ئه‌و شاره‌ پڕن له‌به‌سه‌رهاتى تاڵ ودژوار.. ئه‌دهه‌م شوجاع یه‌كێكى تره‌ له‌دانیشتووانى شاره‌كه‌، ناوبراو له‌رێگاى هه‌ڵكه‌ندن و قه‌بر لێدانه‌وه‌ وه‌كو خۆى ئاماژه‌ى پێكرد له‌هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى بژێوى رۆژانه‌ى خێزانه‌كه‌ى بوو، ده‌لێت” له‌ژێر سێبه‌رى جه‌نگدا ژیان ومردنیش قورس وئه‌سته‌م بوو.. له‌راستیدا نه‌ماده‌توانى چیتر ته‌رمه‌كان له‌ 5 گۆرستانه‌كه‌ى گه‌وره‌كه‌ى ده‌ورووبه‌رى شار بنێژین، به‌ڵكو هه‌موو هه‌ولێكمان بۆئه‌وه‌ بوو له‌هه‌ر جێگایه‌كى به‌تاڵ هه‌بووایه‌ بیاننێژین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌نێو باخه‌كانى مزگه‌وته‌كان وخوێندنگاكانیش بووایه‌، له‌كۆتاجاریشدا دواى ئه‌وه‌ى نه‌مانتوانى له‌نێو ماڵه‌كانماندا بچینه‌ ده‌ره‌وه‌ ناچار بووین ته‌رمه‌كان له‌نێو ژووره‌كانى ماڵه‌كاندا بنێژین “..  ئه‌دهه‌م ده‌شلێت” ته‌رمه‌كانم له‌ژێر دارو به‌ردى بینا رووخاوه‌كاندا ده‌رده‌هێناو جارێكى تر ده‌مناشتنه‌وه‌ ئه‌وه‌ش به‌رامبه‌ر به‌پاكه‌تێك جگه‌ره‌ یاخوود كیلۆیه‌ك برنج كه‌دواتر ده‌مفرۆشتن بۆ دابینكردنى بژێوى خێزانه‌كه‌م”.
به‌پێ چه‌ند ئامارێكى رێكخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان تیمه‌كانى به‌رگرى شارستانى له‌ناو شارى موسڵدا توانیویانه‌ 1642 ته‌رم له‌ژێر داروبه‌ردى بینا رووخاوه‌كاندا ده‌ربهێنن، به‌ڵام سه‌رباره‌ى ئه‌وه‌ش هێشتا ژماره‌یه‌كى زۆرتر له‌ته‌رم ماون وده‌رنه‌هێنراون ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هه‌ندیك له‌گه‌ره‌ك وناوچه‌كانى موسڵ تاوه‌كو ئێستاش به‌رووى هاوڵاتیاندا قه‌ده‌غه‌كراون به‌هۆى بوونى بۆمب وته‌قینه‌وه‌ى جۆراوجۆره‌وه‌ وهه‌روه‌ها به‌هۆى مانه‌وه‌ى به‌شێك له‌شانه‌كانى داعشیش له‌هه‌ندێك ناوچه‌ى تردا.
چیرۆكى ئه‌دهه‌م شوجاع تاراده‌یه‌كى زۆر هاوشێوه‌ى چیرۆكى دایكى عه‌ماره‌..  ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ كه‌سانى نزیكى پله‌یه‌كى خۆى له‌ده‌ستداوه‌و به‌ده‌سته‌كانى خۆشى له‌گۆرى ناون” باوكم ودایكمم له‌ده‌ستدا، ده‌شبوو به‌ده‌سته‌كانى خۆم گۆرم بۆ هه‌ڵكه‌ندنایه‌… ئه‌وه‌ سه‌ختترین بژارده‌ى ژیانم بوو”، به‌وشێوه‌یه‌ ئه‌دهه‌م چیرۆكى له‌ده‌ستدانى دایكى وباوكى گێراوه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد” زۆرینه‌ى ئه‌و قوربانییانه‌ له‌گۆرێكى تاكه‌ كه‌سى یاخوود گۆرى به‌كۆمه‌ڵ نێژران به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌وانه‌ى تاوه‌كو ئێستا له‌ژێر به‌ردى خانووه‌ رووخاوه‌كاندا ماونه‌ته‌وه‌ رێوره‌سمێكى زۆر شیاوتریان بۆ ئه‌نجامدراوه‌ به‌پێوه‌رى ناشتن له‌گۆرى VIB دا”.
چیرۆكه‌كان به‌رده‌وام و نه‌هامه‌تییه‌كانیش زۆر زیاتر.. عه‌لى حوسینى یه‌كێكى تره‌ له‌شایه‌تحاڵه‌كانى رۆژانى سه‌ختى شاره‌كه‌ ،ئه‌و له‌دیوى لاى چه‌پى موسڵه‌وه‌ له‌خانووه‌ رووخاوه‌كه‌ى ده‌یڕوانى وبۆ كامیراى ” المنصه‌” وتى” له‌سه‌ر ئه‌و گرده‌ رووخاوه‌دا هه‌موو سه‌رده‌مى مندالێم به‌رێكرد.. له‌ئێستاشدا ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ته‌رمى كه‌سوكارو دراوسیێه‌كانمان له‌وێن وله‌ژێر داروبه‌ردى خانووه‌كاندا ماونه‌ته‌وه‌و هێشتا ده‌رنه‌هێنراون”.. ئه‌و به‌توڕه‌ییه‌كى زۆریشه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد ” به‌بیانووى بۆردومانه‌كانه‌وه‌ چه‌كدارانى داعش  رێگایان پێنه‌ده‌دان هاوكارى قوربانییه‌كان بكه‌ن ورزگاریان بكه‌ن”.
ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ له‌كۆتایى ئه‌م چیرۆكه‌دا دووباره‌ گه‌رانه‌وه‌ى دایكى عه‌ماره‌ بۆ شوێنى نیشته‌جێبوونى پێشووترى ودووباره‌ ناشتنه‌وه‌ى ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌یه‌تى له‌گۆرستانى خێزانیدا.. هاوكات له‌گه‌ڵ دووباره‌ ده‌رهێنانه‌وه‌ى ته‌رمى هاوسه‌ره‌كه‌ى وكورێكى تریشى كه‌2 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن تیرۆرستانى داعشه‌وه‌ كوژرابوون.

مقالات ذات صلة

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني.

زر الذهاب إلى الأعلى