Site icon المنصة

شەنگال.. ئومێدێکی دزراو

بەشی – ١ –

سەردەشت عبدولرەحمان

لە مێژبوو پەرۆشی ئەوە بووم سەردانی شەنگال بکەم.. من تەنها لەدورەوە ناوم بیستبوو، بۆیە بەچەندین شێوازی جیاواز لەئەندێشەی خۆمدا وێنەیم نەخشاندبو: وێنەی مەرقەدە شکۆدارەکانی، گومەزە نوكدارو قوچەكە رەنگ شیرییەكانی، چیا سەرکەش‌و دڵڕفێنەکانی، منداڵە مات‌و بێ نازەکانی، ژنە سپی پۆشە فریشتەکانی، پیاوە رەنگ پەڕیوو سمێڵ بابڕەکانی..هتد.


پێش ئەوەی بگەمە ئەو شارۆچکەیەی لەسەر سنوری سوریا هەڵکەوتوە، بیرم لەوە دەکردەوە شەنگال چ شارۆچکەیەکی کوێستانیی فێنک‌و پڕ لەباخ‌و سەوزایی بێت؛ بەڵام کاتێک گەشتینە دەروازەی موسڵ‌و لەوێشەوە بەرەو تەلەعفەرو شەنگال بەڕێکەوتین، هەموو ئەم وێنانە ڕەوینەوە.
بەدرێژایی ئەو رێگەیە کە لە دهۆکەوە بەرەو موسڵ‌و پاشان شەنگال ٤ کاتژمێر دەخایەنێت، جگە لەوێرانیی‌و ئاسەواری جەنگ‌و کوشتار چیدیکە نابینیت.
ئاسەوارەکان بە شێوازيک خەمناک‌و هەژێنەر بون وەک وەک ئەوەی بچین بۆ هەڵگرتنەوەی تەرمی بەجێماوو تیمارکردنی برینداری جەنگێکی ترسناک بەبێ کەرەستەی پيویست و زانینی ڕێگاکان… شەقامەکان هەمووی شوێنەواری تەقینەوە و تۆپ‌و موشەکیان پێوە دیار بوو.. لەقەراغی زۆربەی ئەم رێگەو بانانەشدا تونێلی دورودرێژی داعش دەبینران کە بەشێوازێکی شارەزاییانەی ئەندازیاریی ئاست بەرز تا ناو چیاکان دریژ دەبونەوە… لەگەڵ ئەم دیمەنانەدا، چەند قەفەسێک بەترۆپکی دارە گەورەو بەرزەکانی ئەو ڕێگەیەوە دەبینران کە لەقەفەسی هێلانەی کۆتردا دەچون بەڵام بە ئەندازەیەکی گەورەترو بەڕەنگی سەوز یان ڕەنگی هاوشێوەی سروشتی ناوچەکە بۆیاخ کرابون. ئەگەر کەسێک نەشارەزا بێت وا بیر دەکاتەوە کە ئەمانە هێلانەی گەورەن و بۆ باڵدارەکان دروستکراون؛ بەڵام لەڕاستیدا ئەم سندوقانە کە لەشێوەی قولەی پاسەوانیش دەچون؛ شوێنی قەناس بەدەستەکانی داعش بون بۆ نیشان گرتنەوەو کوشت‌و کوشتار.
لە سەروبەندی سەیرکردنی ئەم دیمەنانەدا کە خەیاڵ دەیبردین بەرەو ئەو جەنگەی چوار ساڵ لەمەوبەر باڵی بەسەر ئەم ناوچەیەدا کێشا بوو، لەپر تاسەی سەر رێگا ناخۆشەکەو سەرمان بەر سەقفی ئوتومبێل کەوتنەکە رادەچڵەکاندین (بە تایبەتی ئەگەر پشتێنی سەلامەتی ئوتومبیلەکە نەبەستیت)، من پشتێنی سەلامەتیم بەستبو بەڵام دوو هاوکارەکەم کە خەڵکی ئەو ناوچەیە بوون ئاگاداریان کردمەوە کە نابێ پشتێنی سەلامەتی ببەستم! چونکە زؤرینەی خەڵکی ئەم ناوچانە نایبەستن و ئەمە یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە خەڵکانی دەرەوەی ئێرەی پێدەناسرێتەوە، ئەوان وتیان “ئێمەش کە دێینە ئێرە پشتێنی سەلامەتی نابەستین، چونکە تێپەڕبونمان بە بازگەکاندا سەختتر دەکات و دەتوەستێنن و پرسیاری زۆرت لێدەکەن و لە مەبەستی سەردانەکەت دەکۆڵنەوەو جگە لەوەی کە زۆر دوا دەکەویت، ئەگەری ئەوە هەیە کە نەهێڵن بچیتە ناو شەنگالەوە”.
بازگەکان بۆخۆی بابەتێکی ترە کە قسەی لەسەر بکەین، هەر کە لەدهۆکەوە دەردەچیت هەتا دەگەیتە شەنگال بە درێژایی ڕێگاکە چەندان بازگەی جیا جیا دێتە ڕێگات ، دەبێت لە هەمویاندا بوەستیت و پرسیارت لێدەکەن کە کێیت و لە کوێوە هاتویت و بۆ کوێ دەچیت؟!
ئەوەی سەرنجی رێبوارانیش رادەکێشێت لە زۆربەی بازگەکان و سەر رێگای ئەم ناوچەیەدا جگە لە ئاڵای عێراق، چەندین جۆر ئاڵاو سیمبول و دروشمی تائیفی و حیزبی هەڵواسراون. بونی ئەم ئاڵایانە و ئەو دروشمە ئاینی و تائیفیانەش کە لەسەر ئاڵاکان نوسراون جۆرێکیترە لە ئەشکەنجەی دەرونی و بیرهێنانەوەی دروشمەکان و ئاڵای داعش.
کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی نیوەرۆ گەیشتینە شەنگال، بینیم ئەم شارۆچکەیە ناوچەیەکی گەورەی بیابان ئاسایەو خۆرەتاوو گڕەی گەرم پێشوازیمان لێدەکات. بەدەگمەن سەوزایی لەم شارە وێران‌و تاساوەدا دەبینرێ. یەکەم شوێن سەردانمان کرد لەشەنگال گۆڕە بە کۆمەڵەکان بون، کە نزیکی یەکێک لە بازگەکان بو، چەکدارانی بازگەکە رێگەیان نەداین وێنەیان بگرین، کە روبەرێکی تەختی تەلبەند کراو بو.
هەندێک لە شەقامەکانی شەنگال باش بون و لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە قیرتاو کرابون، بەڵام زۆرینەی خانوەکان دارمابون و ببون بەکەلاوە. ئۆتۆمبیلی بێ ژمارە بەتایبەتی تۆیۆتای تاک دەبینران کە چەند کوڕ و پیاوی گەنجی چەکداری دەموچاو داپؤشراویان تێدا بوو بە خێرایی بەسەر شەقامەکاندا هاتوچۆیان دەکرد، پاشان بەرەو ناوبازار چوین کە لەچەند دوکانێکی بچوک بچوک پیکهاتبو، لەبەرئەوەی نیوەڕۆ بو زۆرینەی دوکانەکان لەتاو گەرما داخرابون، لەوێشەوە بەرەو مەزاری شێخ شەرەفەدین بەڕێ کەوتین. لەناو مەزارەکەدا چەند خێزانێکمان بینی کە بۆسەردانی مەزارەکە هاتبون، کاتێک کە دەتبینین هەستت دەکرد زۆرینەیان لەروی دەرونییەوە ئارامن، بەشێوەیەکی باش مەزارەکە پارێزراو بو لەدەستی چەکدارانی داعش‌‌و پەیڕەوانی ئێزیدی بەئازادی سروتە ئاینییەکانیان جێبەجێ دەکرد.
لە میانەی سەردانەکەماندا لە ناو شەنگال چەندین خەڵکمان دواند کە لە ئێستادا لەوێ نیشتەجێن، سەردانی هەر ٣ سێ بەشەکەمان کرد کە هەر بەشێکیان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزێکدان (حەشدی شەعبی، ی.پ.ک، پێشمەرگە). دانیشتوانی ئەو ناوچەیە تا ئێستاش لەتارمایی شومی هێرشی داعشدا رزگاریان نەبوەو لەدوبارەبونەوەی کارەسات‌و کوشتارو بەکەنیزەک بردنی ژن‌و کچەکانیان دەترسن. لەمیانەی چاوپێکەوتنەکانماندا هەستمان بەوەکرد کە زۆرینەیان دەترسن لەوەی لەبەردەم کامێرادا دەربکەون ، بەڵام پێیان باشە کە سەردانیان بکرێت و گوێ لەداواکاریەکانیان بگیرێت، داواکاریەکانیشیان سادەو ساکارن و دابین کردنی پێداویستی سەرەتایی وەک کردنەوەی قوتابخانەکان ونەخؤشخانەو هاوکاریکردنیانە بەئامانجی دوبارە بوژاندنەوەو نۆژەن کردنەوەی ماڵ‌و حاڵیان کە زۆربەیان جەنگ‌و بردومان کردونی بەکەلاوە. مندالەکان لەبری یاری منالان و یاریگاکان داوای مامۆستا و چونە قوتابخانەیان دەکرد. ژنە ڕزگاربوەکان داوای چارەسەری دەرونیان دەکرد کە داعش زۆرترین زەبری دەرونی و جەستەیی لێداون.

لەبەشەکانی داهاتودا ژمارەیەک چاوپێکەوتن لەگەڵ خەڵکی شەنگال دەخەینە ڕو کەباس لە هێرشی داعش و گەڕانەوەیان بۆ زیدی خۆیان و رەوشی ژیان وگوزەران و خویندنیان دەکەن.

Exit mobile version