غير مصنف

شنگال .. ئومێدێکی دزراو

30/07/2018

بەشی -٢-

ناحیەی سنونی دەکەوێتە باکوری شارۆچکەی  شەنگالەوە ، لەکاتی هێرشی داعش بۆسەر شەنگال بۆماوەی چوارمانگ ناحیەکە لەژێر دەستی داعش دا بوو، داعش شارۆچکەکەی توشی کارەسات وماڵ وێرانییەکی گەورەکرد، ژێرخانی ئابوری شارەکەی وێران کرد سەرەڕای تەقاندنەوەی بەشی زۆری ماڵەکانی ناحیەکە وە دزینی کەل وپەلەکانیان ، جگە لایەنی مادیی،  داعش ژمارەیەکی زۆر ژن وپیاو ومنداڵی فڕاند، ژنەکان ڕوبەڕوی فرۆشتن ودەست درێژی بونەوە تائێستاش ژمارەیەکی زۆریان نادیارن.

لە ئێستاداو پاش ئازادکردنی، ناحیەکە بەدەست کەمی خزمەت گوزاری سەرەتایی دەناڵێنێت لە نەبونی ئاووکارەبا وڕێگاوبان ، سەرپەرشتیاری خێزانەکان خۆیان هەڵدەستن بەدابین کردنی خزمەتگوزاری ئاو و خواردن و گرنگیدان بەمنداڵەکان.

 

لە کاتی سەردانمان بۆ شەنگال یەکێک لەوئافرەتانەی کە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کرد وتی: لەکاتی هێرشی داعش بۆشەنگال بەرەوهەرێمی کوردستان ڕامان کرد ، لەترسی کوشتن  ومردن و برسێتی و تونوێتی وفڕاندنی ئافرەتان ومنداڵان ، لە کەمپەکاندا نیشتەجێ بوین بۆماوەی چوارمانگ، پاشان ناحیەکەمان ئازادکرا.

ڕێککەوتین لەسەر گەڕاندنەوەمان بۆ ماڵەکانمان ، پاش تەنیا چوار ڕۆژ لەئازادکردنی ناحیەکە گەڕاینەوە، سەرەڕای ئەوەی کە لەسەرهێڵی تەماس بوین لەگەڵ داعش لەشارۆچکەی حردان وبارا و پشتی شاخی شنگال لەلای باشورەوە ، بەردەوام دەنگی تەقینەوەمان دەبیست، ئێمە بۆ تەنیا ساتێک ماڵەکانمان جێ نەدەهێشت ڕازی بوین بەودۆخە ،تەنانەت سەرەڕای نەبونی ئاو و کارەبا و بنکەی تەندروستی ، بەڵام مانەوەمان باشترە  لەبری ئەوەی لەکەمپەکاندا ولەژێر خێمەکان وبینا تەواونەکراوەکان لەکەش ووهەوای گەرمی هاوین و ساردی زستاندا بژیت ، هەرچۆن بێت ماڵەکانی خۆمان باشترینە.

ئێستا سەرەڕای تێپەربونی سێ ساڵ بەسەر ڕزگارکردنی ناوچەکانمان ، بڕێکی کەمی خزمەتگوزاری دابین کراوە بارودۆخی ئەمنی ناجێگیرە ، ئەوەی کەمێک سەبوریمان دەدات ئەوەیە کەداعش لەناوچەکانمان دوورە ،بەڵام ئەوەی کە نیگەرانمان دەکات هیچ دکتۆرێک وبنکەی تەندروستی وئاوی شیاومان بۆخواردنەوە نیە.

بێکارییەکی ترسناک شارەکەی تەنیوە ، خەڵکی ناحیەکەبە دەست نەبونی کارەوە دەناڵێنن، بەڕادەیەک هەندێ لەو خێزانانەی کەگەڕاونەتەوە توانای کڕینی سادەترین پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نییە.

ئەمە جگە ئەوەی کە ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەم ڕوبەڕوی فڕاندن و کوشتن بونەتەوە ، کە یەکیکیان برایەکی گەنجم بو کە لەلایەن داعشەوە کوژرا، وەک دەزانن داعش ژمارەیەکی زۆری خەڵکی شەنگالی کوشت وفڕاند کەبەئاسانی لەبیرناکرێن.

سەبارەت بەدۆخی گوزەران لەئێستادا وەک باسم کرد دۆخێکی زۆرقورسە هیچ کارو موجەیەک نیە .

هیواخوازم خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانمان بۆدابین بکرێت وە دۆخی ئاسایش سەقامگیربێت بۆ ئەوەی سەرلەنوێ ژیانێکی باشتردەست پێبکەینەوە.

 

ژنێکی تەنیا لەنێوان چوارمنداڵدا

لەساتی چونە ژورەوەمان بۆماڵەکە، پێشوازییان لێکردین بۆژوری دانیشتن ، لەژورەکەدا هەشت کەسی تێدابو ، چاومان کەتەسەرئافرەتێک کە لەسوچێکدا دانیشتبو  ،سەری لەنێودەستەکانیدابو، سەرپۆشێکی توندی لەسەروملی ئاڵاندبو، لەکاتێکدا کەئێمەسەرقاڵی چاوپێکەوتن بوین لەگەڵ یەکیک لەئەندامانی خێزانەکە ، هەستمان کرد بێتاقەت ودورە پەریزە نەمان ویست بێزاری بکەین وچاوپیکەوتنی لەگەڵدابکەین ، لەساتی ماڵئاوایی کردنمان ڕای کردبەدواماندا و وتی ئەتوانن چاوپیکەوتن لەگەڵ مندابکەن؟  دەمەوێ باسی بارودۆخی خۆمتان بۆبکەم ، دەستی کرد بەقسەو وتی : حاڵی من لەمە خراپتر نابیت کە تێیدام ، داعش هاوسەرەکەی بردم ولەپێش چاوی خۆم ومنداڵەکانم کوشتیان ، ئێستا من چوارمنداڵم هەیە کەبەبێ سەرپەرشت ماونەتەوە ، گەڕاومەتەوە بۆشەنگال ولەماڵی خزم وکەسوکاردا دەژیم ، بەبێ هیچ سەرچاوەیەکی مادی کەئەمەش فشارێکی زۆری بۆدروست کردوم، پێیستم بە بژێوییەبۆخۆم ومنداڵەکانم وئەودەرمانانەی بۆحاڵەتی دەرونی بەکاری ئەهێنم ، منداڵەکانم پێویستیان بەخەرجی خوێندن وجەرجی ڕۆژانەیە ، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: من لەبارودۆخێکی دەرونی خراپدام پێویستم بەسەردانی دکتۆری دەرونی هەیە بەشێوەیەکی بەردەوام ، هەشت کەسی خێزانەکەم لەلایەن داعشەوە کوژران ، من شەوانە زۆردەترسم وناتوانم بخەوم.

ماڵەکەی ئەو کەخۆی خاتونی ماڵ وبەخیوکەری منداڵەکانی بولەگەڵ هاوسەرەکەیدا، ئێستا بۆتەهەیکەلێک لەچاوەڕوانی ڕێکخراو و حکومەتدایە کەماڵەکەی بۆنۆژەن بکەنەوە ، هەرچەندە نۆژەن کردنەوە بەبی باوکی منداڵەکان وسەرچاوەیەکی دارایی بۆبەخێوکردنی منداڵەکانی سەختە … بیرهێنانەوەی یادگارییەشیرین وتاڵەکان هەموی ئازاردەری ئەون ، چاوەسەوزە پڕ ئاوەکانی لەگێڕانەوەی چرۆکەکەیدا وڕوخسارە زەردهەڵگەڕاوە بزڕکاوەکەی لەبیخەوی وکەمی خۆراکیدا ، لەگەڵ جەستە لاوازە بیهێزەکەی ئەوەندەی ترخەماوییان کردبو ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئومێدی ئەوەی هەبو بتوانێت منداڵەکانی پەروەردەبکات وکەوازلەخوێندن نەهێنن بۆپەیداکردنی بژێوی ژیان وەبەردەوام بن لەخوێندن .

لەدرێژەی قسەکانیدا باسی هێرشی داعشی کرد بۆسەرشەنگال وتی: دۆخمان زۆرخراپ بوو ڕامانکرد بەرەوشاخ توشی نەخۆشی کت وپڕ بوین ، ڕاکردنی بەردەوام شەکەتی کردبوین بڕستی لەبەر بڕیبوین ، ترسێکی زۆرم هەبو کە تائێستاش لەگەڵمایە کاتێک هەرڕوداوێک ئەبینم کەتۆزێک ترسی تێدابێت باری دەرونیم تێک دەچێت، ئێستا سەردانی دکتۆری دەرونی دەکەم لەهەریمی کوردستان بە یارمەتی خێرخوازان بەڵام هیچ سودیکی نیە چونکە توانای کڕینی دەرمانم نیە.

منداڵەکانم خوێندکارن تێچوی خوێندنیان زۆرە چونکە دوانیان هتوچۆدەکەن ودەچن بۆسنونی ودەبێت کرێی هاتوچۆیان بۆدابین بکەین وە لەبەر ئەوەی مامۆستاکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دانەمەزراون بەشێوازی وانەبێژ وانەدەڵێنەوەو دەبێت پپارەی ئەوانیش بدەین .

هۆکاری گەڕانەوەم ئەوەبو کەهەمو کەسوکارەکەم گەڕایەوە بۆشارۆچکەکە وە منیش لەگەڵ ئەوان گەڕامەوە ، بەهیوای باشتربونی ژیانمان و دەست پێکردنەوەی ژیانیکی نوێ.

 

نەسیمە سڵێمان

نەسیمە سڵێمان کچێکی ١٢ ساڵە خوێندکاری پۆلی دووەمی ناوەندیە ، بەترسێکی زۆرەوە لە داهاتوی بۆتەواوکردنی خوێندن و خراپی باری دارایی خێزانەکەی ودوری قوتابخانەکەی باسی لەدۆخی خوێندن کرد لە ناوچەکەیان و وتی:    پێش ئاوارەبونمان ڕەوشی خوێندنمان باش بو توشی هیچ ناڕەحەتییەک نە ئەبوین خوێندنگا لەلادێکەماندا هەبون ، مامۆستاکان تایبەتمەندبون لەوتنەوەی وانەکانیان، بەڵام پاش ئاوارەبونمان دۆخی خوێندن توشی داڕوخان بو ، مامۆستای تایبەت بەوانەکان نەبو زۆرینەی ئەوانەی دەرسیان پێ یەوتین خاوەن بڕوانامەنەبون ، پۆلی قوتابخانەکەمان پڕبولەخوێندکار هەندێک جار جێگای دانیشتن نەبوبۆخوێندکارەکان.

پاش ئازادکردنی ناوچەکانمان گەڕاینەوە بەهیوای باش بونی بارودۆخمان بەڵام زۆرخراپ بو، هیچ خویندنگایەک لەلادێکەمان نیە ناچارین بڕۆین بۆ سنونی ٥٠٠٠٠ کرێی هاتوچۆ بدەین وە ٣٠٠٠٠ بدەین بەمامۆستا وانەبێژەکان کە لەبنەڕەتدا تایبەتمەند نین بەو وانانەی کە دەیڵێنەوە .

ئێستا من دەرچوم بۆپۆلی دووەمی ناوەندی نازانم دەتوانم خوێندن تەواو بکەم بەهۆی بارودۆخی خراپی ئابوری خێزانەکەم کەئایا دەتوانن تێچوی خوێندنی ساڵی داهاتوم بۆدابین بکەن یان نا.

هیوادارم حکومەت هەستێت بەدوبارە ئاوەدان کردنەوەی خوێندنگاکان لە لادێکەی ئێمەو تەواوی لادێکانی تر ، هەزاران خوێندکاری تروەک من لەچاوەڕوانی دابین کردنی مامۆستادان بۆئەوەی بتوانن درێژە بەخوێندن بدەن تابتوانن ئایندەیەکی باشتر بونیات بنێن..

شایەنی ئاماژەپێکردنە کە ژمارەی قوربانیانی ئافرەت لەسەر دەستی داعش بەپێی دوایین ئامار کەلەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزیدییەکانی سەربەحکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە لە ڕۆژی ٣ ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:

ژمارەی ئافرەتانی ڕفێندراو : ٣٥٤٨

ژمارەی ئافرەتانی ڕزگاربو:١١٥٠

ژمارەی کچانی نەوجەوانی ڕزگاربو: ٩٤٦

ژمارەی ئەئافرەتانەی تائێستا ڕزگار نەکراون: ١٤٥٢

 

رأيكم / ن حول هذا الموضوع يهمنا ، يمكنكم / ن التعليق مباشرة على صفحاتنا في مواقع التواصل الاجتماعي كما يمكنكم/ ن الاتصال بنا عبر الايميل أو رقم الواتساب.

اشترك/ي في نشرتنا الإخبارية حتى لا تفوتكَ/كِ آخر المقالات
اشترك/ي في النشرة الإخبارية
انضم/ي لمجموعت الواتساب حتى لا تفوتكَ/كِ آخر المنشورات
انضم/ي لمجموعة الواتساب

اشترك في نشرتنا الإخبارية

Created by Mohammed Ali