چی ڕێگره له گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌زیدیه‌كان بۆ شه‌نگال؟

سۆزی گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ماڵ خولیای زۆررێك له ئاواره یهزیدیهكانه له هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا، به تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌لی كۆچكردنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ هه‌ڵنه‌كه‌وتوه، پاش ئه‌وه‌ی شار‌و شارۆچكه‌كان ورده‌ورده كه‌مێك هاتنه‌وه سه‌رخۆیان، پاش ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین تاوان به‌رانبه‌ر یه‌زیدیه‌كان و شاری شه‌نگال كرا له سه‌رده‌ستی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له مانگی ئابی 2014دا.
به‌ڵام دیاره به‌ربه‌ست هه‌یه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان، كه خۆی ده‌بینێته‌وه له نه‌بونی خزمه‌تگوزاری له بواری په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی و كاره‌بادا، هه‌روه‌ها بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌ك به‌ده‌ستی گروپه جۆراوجۆره به‌رفراوانه‌كاندا، هه‌ر بۆیه سه‌ره‌ڕای ڕزگاربونی ناوچه‌كانی شوێنی تیشتهجێبونی یه‌زیدیه‌كان( هه‌ندێكیان زیاتر له 3 ساڵه ڕزگاركراون) به‌ڵام جگه له ڕێژه‌یه‌كی كه‌م كه‌س نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه كه ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه كه ئه‌م ناوچانه هێشتا له ژێر مه‌ترسیدایه له ڕوی ئاسایش و خزمه‌تگوزاریه‌وه.
حكومه‌ته خۆجێهكان و حكومه‌تی ناوه‌ندی و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان پێویسته له‌سه‌ریان هه‌وڵه‌كانیان سه‌ربخه‌ن له پێناو دابینكردنی هه‌لومه‌رجێكی شایسته بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ نێو ماڵ و حاڵیان له جیاتی ژیان كردن له نێو ئه‌و كه‌مپانه‌ی كه بۆ ژیان ناشێن و چاوه‌ڕوانی له‌سه‌ره‌ی ڕێكخراوه ئینسانیه‌كان بۆ ماوه‌ی چه‌ندین كاتژمێر بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕێكی كه‌م له یارمه‌تی.
حكومه‌تی خۆجێی نه‌ینه‌وا به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران كۆششێكی زۆر ده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ شوێنه‌كانی خۆیان له‌ناوچه رزگاركراوه‌كانی تر له موصڵ، به‌ڵام ناكام ده‌كه‌ونه‌وه له‌كار ئاسانی له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی یه‌زیدیه‌كان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان، ڕه‌نگه پشتگوێخستنی شه‌نگال به مه‌به‌ست نه‌بێت به تایبه‌تی ناوچه‌كه تا ئێستاش چه‌ندین پێشیلكاری ئه‌منی تیادایه، به‌ڵام كاركردن له ناوچه‌یه‌ك و كارنه‌كردن له ناوچه‌یكی تر یان یارمه‌تیدانی پێكهاته‌یه‌ك و یارمه‌تینه‌دانی ئه‌وی دی، ئاماژه‌ی نیگه‌تیڤی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و پێویسته چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ك به شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌موو پێكهاته‌كاندا بكرێته‌وه، له سه‌ر بنه‌مای هاوڵاتی بوون و به‌جیا له پێشینه‌ی ئاینی وسیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیان.
وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران له زاری به‌رپرسی به‌شی پاریزگاكان جوان محمود ڕایگه‌یاندووه كه”وه‌زاره‌ت به‌شداربووه له هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی نزیكه‌ی 22 هه‌زار ئاواره بۆ شوێنی خۆیان له ماوه‌ی چوار ڕۆژژی ڕابردودا له كه‌مپه‌كانی باشوری موصڵ (جدعه، المدرج،حج علی و حمام علی) هه‌روه‌ها كه‌مپی نزكزلیه له دهۆك”. كه تیایدا ماشین و بار ههلگڕ دابین كرابوو بۆ گواستنه‌وه‌ی ئاواره‌كان و پێداویستیه‌كانیان به هاوكاری سه‌ركردایه‌تی سوپای عێراقی.
به پێی به‌یانامه‌كه‌ی وه‌زاره‌ت ئه‌و ناوچانه‌ی ئاواره‌كان بۆ گه‌ڕاونه‌ته‌وه بریتین خێزانه ئاواره‌كانی شاری موصڵ و ته‌لعفه‌ر، وشارۆچكه‌كانی زومار و ربیعهو القیارهو الكسك و حمام العلیل و بادوش.
بێگومان ئه‌م هه‌نگاوانه پۆزه‌تیڤن بۆ گه‌رانه‌وه‌ی ئارامی بۆ ناوچه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ڵام پرسیارێكی ڕه‌وا هه‌یه: بۆچی هه‌نگاوی هاوشێوه له لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه نییه بۆ هاندانی یه‌زیدیه‌كان بۆ گه‌رانه‌وه بۆ شه‌نگال.